ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 8ـی 2014 ماتێیۆ ڕێنزی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا و شاندێكی یاوەری سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە مەراسمێكی فەرمیدا لە لایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لێكرا و پاشان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبۆیەوە.


لەم كۆبوونەوەیەدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت و و خاتوو ڕێزان حەمە ساڵج نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاتنی بۆ كوردستان ڕاگەیاند و سەرۆك بارزانیش بەگەرمی بەخێر هاتنی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا و شاندی یاوەری كرد.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و تیرۆریستان و بارودۆخی مرۆیی ئاوارەكان خرایە بەرباس و گفتوگۆ و سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە پارلەمانی ئیتالیا بڕیاری داوە كە ئیتالیا پشتگیریی مرۆیی و سەربازیی هەرێمی كوردستان بكات لەدژی شەڕی تیرۆریستانی داعش. هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە كۆدەنگی و ئیرادەیەكی بەهێز لەنێو وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا هەیە كە لەڕووی سەربازی و مرۆیی هاریكاری هێزەكانی پێشمەرگە و حكوومەت و گەلی كوردستان بن. لەم دانیشتنەدا سەرۆك وەوزیرانی ئیتالیا بە ناوی خۆی وەك وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و سەرۆكی دەوریی یەكێتیی ئەورووپا لە گەڕی داهاتوو بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئێوە لەم شەڕەدا تەنیا نین و شەڕی ئێوە شەڕی ئێمەیشە و سەركەوتنی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستان سەركەوتنی ئێمەیە و هەروەها ئامانجی سەردانەكەیشی بۆ كوردستان خستەڕوو كە بریتی بوو گەیاندنی پەیامی پاڵپشتیی ئەورووپا و وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان و فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی ئیتالیا و كوردستان و هەروەها ئاگاداربوون لەوەی چۆن بتوانن لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە هاوكاریی كوردستان بكەن. سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا زۆر ڕاشكاوانە هێمای بەوەدا كە بڕیاریان داوە چەك و هاوكاریی مرۆیی بدەنە كوردستان و هانی كۆمپانیاكانی ئیتالیا دەدات لە كوردستان سەرمایەگوزاری بكەن و ئاستی پەیوەندیی دیپلۆماسیشیان لە نوێنەرایەتی بۆ كردنەوەی كونسڵخانە لە هەولێر بەرز بكەنەوە. سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا هیوایشی خواست سەرۆك بارزانی لە ئاییندەیەكی نزیك سەردانی ئیتالیا بكات.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیای كرد و وێڕای شیكردنەوەی چۆنییەتی پەلاماری تیرۆریستان و ڕەوشی ئاوارەكان و هێزی پێشمەرگە ڕایگەیاند كە هاوپەیمانی و پشتگیریی ئەورووپا و ئیتالیا وادەكات گەلەكەمان هێز و ئومێدێكی زیاتری هەبێت لە بەرنگاربوونەوەی تیرۆر و هیوایشی خواست پەیوەندییەكانی ئیتالیا و كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. سەبارەت بە هاتنی ئاوارەكان بۆ كوردستان سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەوەی لە توانامان بیت بۆ یارمەتیدان و ئیدارەكردنی ڕەوشیان دەیكەین و ئەوەیشی باس كرد كە بۆ كوردستان جێگەی شانازییە كە كۆمەڵگەییەكی فرەئایین و فرەنەتەوەی هەیە و بە هەموو توانایەك پارێزگاری لەم فرەییە دەكەین.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی